وبلاگ شخصی جعفر سلیمان زاده |
|
| PersianBlog | Free Templates | Blogs List | |
سەرکوتی بزوتنەوەی خوێندکاری گلانی کوردەواری

جەعفەر سولەیمانزادە
شاڵاوی پەلامارو قەڵاچۆکردنی بزاوتی مەدەنی و بەتەواوی دیموکراسی و دیموکراسیخوازی خوێندکارانی کورد کەبۆماوەیەکە کەوتوەتە بەر داپڵۆسینی دەسەڵات ،لای هەمووچالاکان و چاودێرانی مەدەنی و دیموکراسیخوازی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بووەتە جێگای سەرنج و ڕامان .
هەرچەندکە ئەم ڕەوتی داپڵۆسینەی بزاوتی خوێندکارانی کورد بە داخەوە وەک هەموو پێشێلکاری و سەرکوتانەوەیەکی تری ڕژێم لە کوردستاندا لەلایەن بەرەیەکی زۆری بەناو ئۆپۆزیسێونی ئێرانەوە بە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی ڕووبەرووبووەتەوە . ئەوانە لەڕۆچەنەی بەرژەوەندی دەستە خوازیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و دەکرێت ، بێگومان ئەم هەڵوێستە شتێ نیە جگە ئەوەی کە بەڕوونی و ڕاشکاوی دەریدەخات کە ئەو لایەنانە چەندە نا دیموکراتیک و بەرژەوەند خوازوخۆ ویستن .
ئەم ڕەوتە بەهەردوو دیویدا ئەو حەقیقەتە بەرجەستەیە دەسەلمێنێ کە هێشتا پرۆسەی دیموکراسی و جێگیربوونی کلتورێکی بە ڕاستی کراوە و سەربەست وماف پارێز لە سەر بنەمای مرۆف وماف لەوڵاتی ئێمەدا زۆرلاوازە و زەمانێکی یەکجار زۆرمان لەبەرە بۆ دەستەبەرکردنی ئاوەها ژینگەو کلتورو کەش و دۆخێ . هەرچەندەلێرەدا مەبەست لێکدانەوەی بوون و نەبوونی ئەو کلتورو دۆخ و بەرە دیموکراسیخوازەنیە لە ئێران و کوردستاندا . بەڵام بەویست و نەویست ئەم رەوت و ڕووداوە نیشانیدا کە دەبێ هەڵوێستەیەکی قوڵ و رامانێکی شیاو هۆشیارانەمان لە سەر هەردووی ئەم دیاردانە هەبێت .
دەستگیرکردنی بەربڵاوی خوێندکارانی کوردو سەرکوتانەوەی بێ پسانەوەو هەرە تووندی بزاوتی خوێندکاریان کە بە کوشتنی خوێندکاری کورد ئیبراهیم لووتف ئەڵای گەشتە لووتکەی داپڵۆسن و توند وتیژی نواندن .بە ڕامان لە جۆری ئەو تاوانانەی کەخراونەتە پاڵ خوێندکارانی کورد و دەخرێنە پاڵیان ئەم راستیە ڕوون دەبێتەوەکە دەسەڵات دەیەوێ پرۆژەی گڵاڵە کراوی بەگۆڕستان کردنی کوردستان و کۆمەڵی کوردەواری بێ سڵەمینەوە بگە یەنێتە ئەنجام .
هەر لەسەرەتای دەسەڵاتی دەوڵەتی بەناو میهرەبانی و سەرکۆماری ئەحمەدی نەژادەوە هەوڵ بۆ ئەنجامی ئەم پرۆژەیە خۆی نواند. ئەگەر سەیری جوڵانەوە و جۆری کارەکانی ئەم دەوڵەتە بکەین ، دەبینین لەماوەی سێ ساڵ و نیوی تەمەنی خۆیدا بەوردی دەردەکەوێ کە ئەم ڕەوتە هەر لەسەرەتاوە پرۆژە و گەڵاڵەی دیاریکراو ئەنجامگیراوی خۆی هەبووە بۆ بێدەنگکردن و بە کۆرستان کردنی کوردەواری . ئەم پرۆژەیە لەسێ خاڵی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە کە بریتین لە .
(1) گرتن و ڕاونان و کوشتنی هەموو چالاکانی بواری کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان بە هەموو لق و چڵ و ڕەوتەکانیەوە
(2) داخستن و بەستنی هەموو ڕۆژنامەو گۆفار و منبەر و ناوەندەکانی ئەم بوارو بستێنە
(3) بێ ناوەرۆکردن و دەستەمۆکردنی هەرمنبەر و ناوەند و جوڵانەوە و بڵاوکراوە و بزاوتێ کە بییە وێت لە کوردستاندا بمێنێ و کار بکات ئەگەر بتوانێ دەستە مۆیان بکات
هێرشی ئەم دەوڵەت و دەسەڵاتە بۆسەرکۆمەڵگای کوردەواری یەکسان هەموو بوار و بەستێنەکانی گرتۆتەوەو دەگرێتەوە . یەکەم هەنگاو بەستن و داخستنی هەموو گۆفار و بڵاوکراوە و هەفتەنامە سەربەخۆکانی کوردستان بوو . بیرمان نەچێت داخستنی هەفتەنامەی ئاسۆ و پەیامی کوردستان و ڕۆژهەڵات و ئاشتی و دیدگا و هەموو بڵاوکراوەکانی تر لەسەردەستی ئەم دەوڵەتەدا ئەنجام دران. راونان و گرتن و بڕیاری کوشتنی کۆیەکی هەرەزۆر لە کادێرو پسپۆڕانی ئەم بڵاوکراوانە بۆ هەموومان روون و ئاشکران .
پەلامارو بەربەستکردنی بزوتنەوەی ژنان و داخستنی هەموومنبەرو ناوەندەکانی ئەم ڕەوتەو دووچاربوونی کادێرەکانی بە چارەنووسی چالاکانی بواری فەرهەنگی ورۆژنامەوانی هەر لەدرێژەی ئەو زنجیرە کردەیەدایە کە دەسدڵات بۆ بنبڕکردنی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان و بەرگریکردنی پرۆسەی شوناس و مافخوازی دەیکات . بەرگریکردنی هەرجۆرە جوڵانەوەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و داخستنی هەموو ناوەندەکانی چالاکی سەر بەخۆو ناوەندەکانی ماف پارێزی منداڵان و ئەنجومەنە ئەدەبیەکان و کۆڕو کۆمەڵە کۆمەڵایەتیەکان هەرهەموو ئەمڕاستیە رووندەکەنەوە کە ڕژێم بڕیاری خۆی داوە . بڕیار بۆ داپڵۆسین و لەناوبردن و بنبڕکردنی هەمووبزاوتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەکوردستاندا .
هەرلەبەرئەمەدەخوازێ کە هەموو ناوەند و کۆڕو کۆمەڵ و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەکوردستاندا زۆر بە هۆشیاری و وریاییەوە خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئامادەبکەن . ڕژێم دەیەوێت هەموو کەلێن و قوژبن وپەراوێزەکانی ژیان و کۆمەڵگا ، لە چالاکان و بزاوتەکانیان کون بڕو بێ مەوداکات. ڕێگای هیچ جۆرە جوڵە و چالاکییەک بەم ڕەوت و کەس و بزاوتانەنەدات . بۆیە دەبێ ئەم بزاوت و چالاکانەش هاوڕێ بە هۆشیاری و فامکردنی ئەو مەترسیەوەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڕەشەیان لێدەکان ، هەموو پەراوێزو هەلەکان بقۆزنەوە. پەیوەند و پەیوەستی خۆیان لەگەڵ دنیای دەرەوە بەرین و تۆکمەترکەن تا دەسەڵات نەتوانێ بە ئاسانی قوتیاندات.
ئیتر ئەمرۆ ئەم ڕاستیە پێویست بە ئاماژەو بیر هێنانەوەناکات کە هەر هێزو لایەن و کەس و ناوەند و ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی و ناوخۆیی کە خۆی بە ئازادیخواز و ماف پارێزو دیموکراتیک دەزانێ دەبێ بێ ئەم لاو ئەولاو کات کوشی هەموو دەسەڵات و توانیایەکانی خۆی بۆ یارمەتی و داڵدەی ئەم بزاوت و کەسانە تەرخان کات .
لە ڕاستیدا ئەمڕۆ ئیتر پێوانەی ئازادیخوازی و دیموکرات بوون پەیوەستە بە هاوکاری و هاو هەنگاویی و پارێزگاری ئەم بزاوت و چالاکانەوە ، کە لە کوردستاندا بە توونێلی مەترسی و کارەساتدا بە دوای ژیاندا دەگەڕێن .
| لینک | چهارشنبه ۳ بهمن ،۱۳۸٦ - jafar solymanzadeh |
این وبلاگ متعلق به jafar solymanzadeh می باشد
| لینک | چهارشنبه ۳ بهمن ،۱۳۸٦ - jafar solymanzadeh |

